
هه‌ژار بابان - كه‌ركوك/
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك جه‌خت له‌سه‌ر زیندوویه‌تی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌و ئاگایی ده‌داته حكومه‌تی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی ماده ده‌ستوورییه‌كان، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كه‌ن.
(محه‌مه‌د كه‌مال) ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ئاژانسی هه‌واڵی ناوخۆی ڕاگه‌یاند، ڕۆژی (31-7-2008) پاش تێپه‌ڕبوونی نۆ ڕۆژ به‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ماده‌ی (24) ی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، وه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاساییدا بڕیاریاندا، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی عێراق ماده‌ی (24) هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه‌و حكومه‌تی عێراقیش ماده‌ی (140) جێبه‌جێنه‌كات، ئه‌وا بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
وتیشی:"ئه‌و بڕیاره هێشتا هه‌ر زیندووه‌و ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق پابه‌ندی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوور نه‌بێت‌و ماده‌ی (140) جێبه‌جێنه‌كات، ئێمه بڕیاره‌كه ده‌خه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
ناوبراو باسی له‌وه‌شكرد په‌رله‌مانی عێراق خاڵی یه‌كه‌می بڕیاره‌كه‌ی ئه‌وانی جێبه‌جێكردووه كه بریتییه له‌پێداچوونه‌وه به‌ماده‌ی (24)، ئه‌وه‌بوو ماده‌ی (24) هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌و ماده‌ی (23) له‌شوێنی ده‌ركرا، كه زۆر جیاوازه له‌ماده‌ی (24).
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك وتیشی:"ئێمه وه‌ك لیستی برایه‌تی هیچ لارییه‌كمان نییه له‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (23)، كه خۆی له‌نه‌هێشتنی دیارده‌ی زیاده‌ڕۆیی‌و پێداچوونه‌وه به‌تۆماره‌كانی باری شارستانی‌و لیستی ناوی ده‌نگده‌راندا ده‌بینێته‌وه".




