
هه‌ژار بابان-چه‌مچه‌ماڵ/
به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان‌و هاندانی هاوڵاتیان بۆ به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی گه‌مارۆسازی‌و ژماره‌لێدان، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ردانی سنووری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵی كرد.
(مه‌لا سه‌عید ئه‌حمه‌د) سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ئاژانسی هه‌واڵی ناوخۆ ڕاگه‌یاند، چه‌مچه‌ماڵ به‌شێكی گرنگه له‌ئیداره‌ی گه‌رمیان‌و ئه‌وانیش به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌بارودۆخی ناوچه‌كه‌و هاندانی هاوڵاتیان بۆ به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی ژماره‌لێدان‌و گه‌مارۆسازیدا، ئه‌مڕۆ سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵیان كرد‌و له‌گه‌ڵ قائیمقام‌و سه‌رۆكی فه‌رمانگه حكومییه‌كان‌و به‌شێك له‌هاوڵاتیاندا كۆبوونه‌وه.
وتیشی:"داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كه‌ین، هاوكاریی تیمه‌كانی سه‌رژمێری گشتی بكه‌ن‌و زانیاری ڕاست‌و دروستیان بده‌نێ، چونكه سه‌رژمێری گشتی پرۆسه‌یه‌كی شارستانی زۆر گرنگه‌و پلانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات له‌سه‌ر زانیارییه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه داده‌ڕێژرێت".
هێمای به‌وه‌شكرد، له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا داوایان له‌فه‌رمانگه حكومییه‌كان كردووه، هه‌رچی هه‌وڵیان هه‌یه بیخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كیش كه‌مته‌رخه‌می بكات، كارمه‌نده‌كانی ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه.




